"دیار نییە حكوومەتی نوێی عێراق نرخی دۆلار چی لێ دەكات"

:: PM:06:47:09/02/2026 ‌

ئێستە عێراق لە چەندان تەنگژەی قووڵدا دەژیت، جیا لە تەنگژە سیاسییەی تێی كەوتووە، تەنگژەیەكی قووڵی دارایی و ئابووریش هەیە، ئەم مانگە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دوا كەوت و شارەزایان پێیان وایە ئەگەری دواكەوتنی مووچەی مانگی داهاتووش هەیە، لە سەردەمی حكوومەتی مستەفا كازمی بۆ چارەسەركردنی ئەو تەنگژە پەنا بۆ زیادكردنی نرخی دۆلار برا، ئێستەش دیار نییە دۆخەكە چی بەسەر دێت.

باقر ساعدی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئاماژە دەكات كە تەنگژەیەكی دارایی عێراقی گرتووەتەوە و كە باسی گۆڕینی نرخی دۆلاریش دەكرێت، ئەوە لە دەسەڵاتی حكوومەتی نوێی عێراقە، بێ رەچاوكردنی هۆكارەكانی ئەو تەنگژە داراییە، بەڵام خەریكە كاریگەریی روونی لەسەر دۆسیەی مووچە لە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكانی دەوڵەت دادەنێت. 

روونی كردەوە، لە هەفتەكانی رابردوو چەند بۆچوونێك بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی مووچە خرایە روو، لەوانە جووڵاندنی نرخی دۆلار بەرەو بەرزكردنەوەی، بەڵام ئەو هەنگاوە تەنیا لە رێگەی حكوومەتی نوێ دەبێت، كاتێك حكوومەتی نوێ لیژنەیەكی باڵای ئابووری بۆ تاوتوێكردنی دۆخە دارایی و ئابوورییەكەی لە عێراق پێكدێنێت، بۆ دانانی چارەسەری بابەتیانە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوای پێكهاتنی حكوومەتی نوێ چەند بڕیارێكی گرنگ دەربكات.

ساعدی دووپاتی كردەوە، بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار یان هێشتنەوەی وەك ئێستە، لە ئەنجامی تاوتوێكردنی دۆخە دارایی و ئابوورییەكانی عێراق لە لایەن لیژنەیەكی باڵای تایبەت دەبێت، ئێستە ناتوانرێت دووپاتی روودانی یان رەت بكرێتەوە، بەگشتی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران هیڵی سوورە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل