عەلی ئەلعەلاق: پڕۆژەی (ئی پسوولە) هەنگاوێكی ئەرێنی و شەفافە

:: PM:01:00:10/02/2026 ‌
پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رای گەیاند، پڕۆژەی ئی پسوولە گرنگە و هەنگاوێكی ئەرێنی و شەفافییەتە، پڕۆژەكە لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دروست بووە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ـی شوبات، عەلی ئەلعەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ڕای گەیاند، پارەدانی كاش لەگەڵ گەشەپێدان ناگونجێت، پڕۆژەی (ئی پسوولە) هەنگاوێكی ئەرێنی و شەفافە بۆ پێشخستنی ئابووری. سوپاسی مەسروور بارزانی دەكەین كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم گۆڕانكارییە دیجیتاڵییە دەكات.

زیاتر گوتی، پڕۆژەكە لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دروست بووە، ئامانج لێی خێراكردنی مامەڵەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتینە، بە جۆرێك هاووڵاتییان دەتوانن بەشێوەیەكی بەردەوام و لە ڕێگەی ئامرازە دیجیتاڵییەكانەوە تێچووی خزمەتگوزارییەكان بدەن.

باسی لەوەش كرد، هەموو لایەك ئێستە لەوە تێگەیشتوون كە مامەڵەكردن بە پارەی كاش لەگەڵ داواكارییەكانی ئابووریی هاوچەرخ ناگونجێت، بنیاتنانی سیستمێكی دارایی پێویستی بە ژێرخانێكی ئەلیكترۆنیی سەلامەت و شەفاف هەیە، بۆ ئەوەی متمانەی هاووڵاتییان بۆ كەرتی بانكی بگەڕێتەوە.

پارێزگاری بانكی ناوەندی روونیشی كردەوە، بانكی ناوەندی عێراق رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە پێدانی رێنوێنیی بە هاووڵاتییان لەم وەرچەرخانەی سیستمی بانكی و پارەداندا، تا سەلامەتیی بەكارهێنەران پارێزراو بێت، بۆیە راگەیاندنی ئی پسوولە ئامرازێكی نوێیە و دەچێتە پاڵ ئامرازەكانی تری پارەدانی دیجیتاڵی، ئەمە دەستپێكێكی زۆر گرنگ و هەنگاوێكی جۆرییە بۆ باشتركردنی ژێرخانی بانكی و دارایی.

دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەم پڕۆژەیە نموونەیەكی زیندووی باشتركردنی پێوەندیی نێوان كەرتی تایبەت و گشتییە و هاوئاهەنگە لەگەڵ گۆڕانكارییە جیهانییەكان، بۆیە بە هەموو جۆرێك پشتیوانیی تەواوی ئەو دەستپێشخەرییانە دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنرێن، پارەدانی ئەلیكترۆنی تەنیا هەڵبژاردەیەك نییە، بەڵكو پێویستییەكی حەتمییە بۆ زیادكردنی شەفافییەت و توانای دارایی وڵات.



وشە - رامیار جەواد