بەڕێوەبەری دەسەڵاتی گشتیی گومرگی عێراق ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە پرسی یەكخستنی باجی گومرگی لە نێوان دەروازە سنوورییەكان و دەروازەكانی ناو هەرێم.
گوتیشی، باجی گومرگی لەسەر زۆرترین كاڵای هاوردەكراو هەیە، هەروەها جێبەجێكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی نوێ دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئابووریی عێراق و هاندانی وەبەرهێنان.
سامر قاسم بەڕێوەبەری دەسەڵاتی گشتیی گومرگی عێراق، لەبارەی یەكخستنی باجی گومرگی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و دەستپێكردنی پۆسەكە لەلایەن هەرێمەوە، بۆ میدیا عێراقییەكان بەم شێوەیە دوا.
سامر قاسم ڕای گەیاند، هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە وەڵامدانەوەی پرسی یەكخستنی گومرگی لەگەڵ دەروازە سنوورییە فیدراڵییەكان و ناوخۆی هەرێم و پابەندبوون بە بڕیارنامەی 597 و سەرجەم ڕێنوێنییە گومرگییەكان كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە دەرچووە، چونكە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕێككەوتن و كۆبوونەوە سەرەتاییەكان لە بەغدا ئەنجام دراون، لێكتێگەیشتنی كردەیی دەستی پێ كردووە بۆ یەكخستنی گومرگی، ئەمە هەنگاوێكی زۆر گرنگە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكان.
ڕوونی كردەوە، لیژنەیەك بۆ ئەو كاڵایانە پێكهێنراوە كە لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن، هەروەها ئەو بازرگانانەی لە دەرەوەی سیستمی گومرگی و باجن، هەروەها لە سیستمی ئاسیكودا تۆمار نەكراون، پێویستی بە ناسنامەی هاوردەكار و ناسنامەی باج دەربكەن.
گوتیشی: بڕیارەكەی ئەمدواییەی گومرگ، كاریگەریی ئەرێنی لەسەر داهاتی دەوڵەت دەبێت، چونكە وازهێنان لە سیستمی باجی جێگیر دەستكەوتێكی گومرگییە، سیستمی گومرگی پەسندكراو پلەی ئابووری عێراق بەرز دەكاتەوە، بەشداری دەكات لە بووژانەوەی ئابووری و هانی وەبەرهێنەران دەدات.
ئەمە لە كاتێكدایە، بەهۆی سەپاندنی بڕیاری باج لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بەشێك لە بازرگانان و خاوەن دوكانەكانی عێراق بایكۆتی كاكردنیان كرد و دەستیان بە خۆپێشاندان كرد، چونكە سەپاندنی ئەو باجە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، دەیان كۆنتێنەر كەلوپەل لە بەندەرەكانی گیریان خواردووە.