بەهای زێڕ و زیو بەرز بووەوە

:: AM:09:34:13/02/2026 ‌
دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتنە نزمترین ئاستی ئەم هەفتەیە، ئەمڕۆ نرخی زێڕ و زیو بەهۆی زیادبوونی پرۆسەی کڕینەوە، بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی داتاکانی هەڵئاوسان دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا  بە ڕێژەی یەک لە سەت بەرز بووەوە و گەیشتە 4966.83 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەم زیاتر لە سێ لە سەت دابەزی و چووە خوار پێنج هەزار دۆلار.

هەروەها گرێبەستە دواخراوەکانی ئەمەریکا بۆ مانگی نیسان، بە ڕێژەی 0.7% بەرز بوونەوە و گەیشتنە 4985.40 دۆلار.

لەلایەکی ترەوە، نرخی زیو بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی و 2.1% بەرز بووەوە بۆ 76.76 دۆلار، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەم دابەزینێکی گەورەی بە ڕێژەی 11% تۆمار کردبوو.

ئەم هەڵبەز و دابەزینە بەهۆی داتاکانی بازاڕی کاری ئەمەریکاوە بوو، کە دەریانخست لە مانگی کانوونی دووەمدا 130 هەزار هەلی کار زیاد بووە و ڕێژەی بێکاری دابەزیوە بۆ 4.3%. ئەم بەهێزییەی ئابووریی ئەمەریکا وای کردووە پێشبینییەکان بۆ دابەزاندنی نرخی سوود کەم ببنەوە.

ئێستە وەبەرهێنەران چاوەڕوانی داتاکانی هەڵئاوسان دەکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییان هەبێت لەسەر سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا.



وشە - پۆڵا مەحموود