ڕوانگەی ئیكۆ عێراق ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، دەوڵەتی عێراق مانگانە نزیكەی 600 ملیار دینار لە كەرتی كارەبا خەرج دەكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە داهاتی كارەبا لە مانگێكدا لە عێراق ناگات بە ملیارێك دیناری عێراقی، ئەمەیش بە كێشەیەكی گەورەی دارایی و كارگێڕی لە حكوومەتی عێراق لەلایەن شارەزایان لێكدەدرێتەوە.
ڕوانگەی ئیكۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، وەزارەتی كارەبای عێراق مانگانە 600 ملیار دیناری عێراق پێویستی و خەرجیەتی، ئەو خەرجییە زۆرە كاردانەوەی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا نەكردووە و ئێستە بڕی بەرهەمی كارەبا لە عێراق نزیكەی 28 هەزار مێگاواتە، ئەوەیش لە كاتێكدایە كە پێویستی وڵات بە 50 هەزار مێگاوات كارەبایە، سەرەڕای ئەو خەرجییە زۆرەی وەزارەتی كارەباش هەیەتی، بەڵام هیچ پێشكەوتن و بەرزبوونەوەیەكیش لە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دروست نەبووە.
ئاماژەی داوە، داهاتی مانگانە كارەبا كە لە بەشدارانی كارەبا لە سەرانسەری عێراق جیا لە هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت ناگات بە ملیارێك دینار، ئەمەیش دەكاتە كەمتر لە 1%ی كۆی ئەو خەرجییەی كە وەزارەتی كارەبا هەیەتی، ئەو ژمارەیە كاردانەوەیەكی لاواز و مەترسیدارە لە سیستمی كۆكردنەوەی داهات و سیستمی دارایی لە عێراق.
ئەوەیشی ڕوون كردووەتەوە، بۆشاییەكی گەورە لە نێوان خەرجی و داهات لەو وەزارەتە هەیە، ئەمەیش وا دەكات كە خوێنبەربوونی دارایی بەردەوام بوونی هەبێ و كورتهێنانی بودجە دروست دەكات، بەردەوامبوونی ئەو جۆرە بەڕێوەبردنەیش واتە فرەوانكردنی تەنگژەیەكی ماوە درێژ، كە دواجار هاووڵاتییان باجەكەی دەدەن.
ڕوانگەكە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد، بڕیاری بوێرانە دەربكات و چاكسازی كارگێڕی ڕاستەقینە لە سەرەتایشدا لە كەرتی كارەبا و بەشداربووان و كۆكردنەوەی پارەی كارەبا دەست پێ بكات، یان كەرتی كارەبا لەگەڵ كەرتی تایبەت هاوبەشی پێ بكات، بە ئامانجی ڕێگرتن لە بەهەدەردانی پارە و هێنانەدی دادپەروەری و شەفافییەت.