یاداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان ژوورە بازرگانییەكانی هەولێر و ترابزۆن واژوو كرا

:: PM:01:07:14/02/2026 ‌
یاداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان ژوورە بازرگانییەكانی هەولێر و ترابزۆن واژوو كرا، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكانیش ئامادە بوو.

شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ پێكهاتەكان ئایدن مەعرووف و سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی بەڵێندەران و شاندێكی لقی هەولێری هاوردە و ناردنكاران و كۆمەڵێك لە بازرگانان و خاوەنكارانی هەولێر، لە ترابزۆنی توركیان و ئێوارەی دوێنێ 13.2.2026 لە لایەن پارێزگاری ترابزۆن پێشوازی كران.

هاوكات هەر دوێنێ یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ ژووری بازرگانیی ترابزۆن واژوو كرد و لەگەڵ پارێزگاری شارەكەش دیداریان هەبوو.

لە رێوِەسمێكی فەرمیدا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن (MoU) لە نێوان هەردوو ژووری بازرگانی هەولێر و ترابزۆن واژوو كرا، ئامانج و گرنگیی ئەم یاداشتە وا دەكات بازرگانانی هەردوولا، زانیاری و دەرفەتەكانی كار ئاڵوگۆڕ بكەن، رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەردوولا لە پێشانگە نێودەوڵەتییەكانی یەكتردا وەك هاوبەشێكی سەرەكی بەشدار بن.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم یاداشتە چوارچێوەیەكی یاسایی و فەرمی دەداتە ئەو گرێبەستانەی كە لە داهاتوودا لە نێوان كۆمپانیاكانی هەولێر و ترابزۆن ئەنجام دەدرێن، هەروەها سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی ترابزۆن لە بواری پیشەسازی و هەناردەكردن بۆ دەرەوە.

هەروەها هەردوولا دووپاتیان لەسەر رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ بازرگانان كردەوە، تا بتوانن بە كەمترین ئاستەنگ كاڵا و شتومەك ئاڵوگۆڕ بكەن، هەروەها هاندانی گەشتە ئاسمانییەكان و ئاڵوگۆڕی شاندی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكاندا.



وشە - سۆران عەزیز