یەكێتیی هاوردە و هەناردەكاران: بازرگانانی عێراق ڕوو لە دەروازەكانی كوردستان دەكەن

:: PM:04:22:14/02/2026 ‌
حكوومەتی عێراق بەهۆی جێبەجێكردنی سیستمێكی نوێی گومرگی، گڕی لە بازاڕ بەرداوە و بازرگانانی عێراق لە دەروازە بازرگانییەكان، ڕادەكەن و ڕوو لە دەروازە بازرگانییەكانی كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو 14ی شوبات، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئاستی هاوردە بۆ كوردستان لە ئاستێكی باشدایە، بەرزكردنەوەی بەهای گومرگ لە دەروازە بازرگانییەكانی عێراق كاریگەریی نەبووە، ئێستە بازرگانانی عێراق بیر لەوە دەكەنەوە ڕوو لە دەروازە بازرگانییەكانی كوردستان بكەن و كاڵاكانیان بۆ بازاڕەكان هاوردە بكەن.

زیاتر گوتی، لە بازاڕەكانی عێراق بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخ بەردەوامە و گرانی لە عێراق سەری هەڵداوە، كوردستان بەهۆی بەهای گومرگی دەستكاری نەكردووە، نرخ وەك خۆیەتی و هاووڵاتییانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بۆ بازاڕكردن دێنە بازاڕەكانی كوردستان.

دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی كوردستان، بڕیاری بەرزكردنەوەی گومرگ جێبەجێ ناكات لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵكی خۆمان.

جێی بیرهێنانەوەیە كە لە چەند ڕۆژی رابردوودا تەواوی بازاڕەكانی بەغدا و شارەكانی تری عێراق، بەهۆی بەرزكردنەوەی گومرگ مانگرتنیان راگەیاند، بەڵام حكوومەتی عێراق گوێی لێ‌ نەگرتن. 

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم