ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی شوبات دەنێردرێت

:: PM:12:34:15/02/2026 ‌
سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ڕای گەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لە ڕێكەوتی 10ـی ئەم مانگەوە سیستمی پەیرۆڵی بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچە كارا كردووە. ئاماژەی بەوەش كرد، لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا تەواوی كارەكان لەلایەن یەكە ژمێریارییەكانەوە تەواو دەكرێن و لیستی مووچە دێتە ناردن.

یادگار جەبار سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ئاشكرای كرد، بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا لیستی مووچەی مانگی شوبات، مانگی دوو ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی دارایی هەرێم وردبینیی تەواو بۆ لیستەكان دەكات.

 هاوكات بڕیارە شاندێكی تەكنیكی و ژمێریاری سەردانی بەغدا بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار پڕۆسەی وردبینییەكە یەكلا بكەنەوە.

لەبارەی  وردەكاریی ناو لیستەكان، یادگار جەبار ڕوونی كردەوە كە لیستی ئەو خانەنشینانەی مانگی ڕابردوو شایستە داراییەكانیان لە بەغداوە نەهاتبوو، لە ناو سیستمی پەیرۆڵدا وەك پاكێجێكی جیاواز جێگیر كراون.

 لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاند، لیستی مووچەی پێشمەرگە لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت و هیچ دواكەوتنێك لە ئامادەكردنیدا ڕوو نادات.



وشە - سۆران عەزیز