داوای نیوەی مووچەی بەرپرسان بۆ نەهێشتنی تەنگژەی ئابووری دەكرێت

:: AM:11:40:17/02/2026 ‌

پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا دەكەن كە نیوەی مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسانی باڵا و تایبەت كەم بكرێتەوە و ببەخشرێتە گەنجینەی دەوڵەت، وەك هەوڵێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی ئابووری كە عێراق گیرۆدەی بووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ كاریگەریی زیاتر لەسەر شەقامی عێراقی دروست دەكات. 

ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن پەرلەمانتار كەریم علێوی محەمەداوی ڕاگەیەنراوە و چەندان پەرلەمانتاری تریش لەگەڵیدان، ئامانج لێی دۆزینەوەی دەرچەیەكە بۆ زیادكردنی داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت و كەمكردنەوەی باج و سەرانە لەسەر شانی هاووڵاتییان بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێك، یان تا كاتی كۆتاهاتنی تەنگژەی ئابووری. 

خستنەڕووی ئەو دەسپێشخەرییە لە كاتێدایە كە حكوومەتی عێراق، دەستی بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستپێوەگرتن كردووە و ڕاوێژكاران لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ئەركەكانیان بەخشران و دوور خرانەوە و باجی گومرگیشی زیاد كردووە، بەو ئامانجەی كۆتایی بەو فشارە داراییە و تەنگژە ئابوورییە بهێنێت. 

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو دەستپێشخەرییە، كاردانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا نەهێناوە، عەباس حەیالی پەرلەمانتار لەوبارەیەوە گوتی، بەخشینی مووچەی بەرپرسان چارەسەری ڕیشەیی كێشەكە ناكات، پێویستە بە دوای چارەسەری ڕیشەیی و یەكلاكەرەوە بگەڕێین تا خزمەتی وڵات بكات، پێویستە لە ئاستی ڕووداوەكان كە لە عێراق و ناوچەكە هەن بیر بكەینەوە، هاوكات بەخشینی مووچەی بەرپرسانیش پێویستی بە یاسا یان بڕیارێكی فەرمی حكوومەت هەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د