بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە بڵاوی كردەوە، لە ماوەی یەكی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ تا 18ی ئەم مانگە، توانیویانە 88 كەس لە پارێزگا جیاجیاكانی عێراق بگرن لە كاتی دزینی نەوت و بەرهەمەكانی.
زافر
ئەلحوسێنی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە لە عێراق، لە لێدوانێكی بۆ "سۆمەریەنیوز" دووپاتی كردووەتەوە، تیمە مەیدانییەكان زنجیرەیەك هەڵمەتی ڕێكخراویان بۆ سەر گرووپەكانی دزینی نەوت و بە قاچاخبردنی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات ئەنجام داوە، توانیویانە 88 بە تۆمەتی دزینی نەوت و بەرهەمەكانی بگرن و بیانخەنە گرتووخانەوە.
ئاماژەی بەوەیش دا، جیا لەوە 90 تانكەری گوێزەرەوەی نەوت بە قەبارەی جیاجیا و نۆ پەناگەی مانەوەی تاوانباران لە كاتی بە قاچاخبردنی نەوت، بەشێوەیەكی نایاسایی و سێ وێستگەی سووتەمەنی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە بەشێكی تری قسەكانی ئەلحوسێنی گوتی، لە كاتی هەڵمەتەكاندا توانراوە دەست بەسەر دوو ملیۆن و 580 هەزار لیتر لە بەرهەمەكانی نەوت بگیرێت، لە ئەنجامی بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەكانیشدا ڕێژەی سەرپێچی و دزینی نەوت لە بۆڕییەكانی نەوتەوە گەیشتووەتە سفر لە سەد و دانانی سنوورێكیش بۆ ڕێگرتن لە بە قاچاخبردنی نەوت توانراوە بە ڕێژەی 98% كۆنترۆڵ بكرێت.
لە كۆتاییدا ڕوونی كردەوە، ئێستە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان پشت بە سیستمێكی چاودێری زۆر پێشكەوتوو دەبەستێت كە كامێرای پێشكەوتوو و فڕۆكە بێفڕۆكەوانن، تا بەردەوام چاودێری دامەزراوە نەوتییەكان و بۆڕییەكانی نەوت بكرێ و بە ڕووی هەر دەستدرێژكارێك بوەستنەوە و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە.