پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی مسۆگەر كراوە و یەدەگی نەختی لە ئاستێكی باشدایە و پارەش هەیە.
جاسم عەلاوی رای گەیاندووە، ئەو نیگەرانییانەی باس دەكرێن پێوەندیی بە پێشبینییەكانی داهاتووەوە هەیە نەك قەیرانێكی راستەقینە، پێشبینیش تەنیا پێشبینییە و زۆرجاریش راست نین.
ماوەیەكی زۆرە باس لە كێشەی قەیرانی دارایی لە عێراق دەكرێت و بەجۆرێك دەگوترێت، لە داهاتوودا توانای دانی مووچە ئەستەم دەبێت.
سەرەڕای ئەو نیگەرانییانەی لەبارەی دۆخی دارایی عێراق بڵاو دەكرێنەوە، سەرچاوە فەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
جاسم عەلاوی پەرلەمانتاری عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ی گوتووە: دۆخی دارایی جێگیرە، یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە ئاستێكی باشدایە، یەدەگی نەختیش لە ئاستێكی باشدایە و پارەش هەیە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: ئەو نیگەرانییانەی ورووژێنراون پێوەندییان بە ئەگەرەكانی داهاتووەوە هەیە، وەك هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت یان هەر گرژییەكی هەرێمایەتی كە ڕەنگە كاریگەریی لەسەر داهات هەبێت.
راشی گەیاندووە: ئەو كەمیی نەختینە كاتییە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ دوودڵی بەشێك لە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران كە پەلە ناكەن لەوەی پارەكانیان بخەنە ناو بازاڕ، بەڵام كاریگەریی لەسەر یەدەگی دراوی نەختینە نییە.