هۆكاری بەرزبوونەوەی دوایی نرخی دۆلار چییە؟

:: PM:04:43:21/02/2026 ‌

لە ماوەی دوایی جارێكی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، لەوكاتەی نرخی فەرمی، واتە لە بانكی ناوەندی وەك خۆیەتی، دوور لەوەی مامەڵەكاران بە دۆلار باسی دەكەن، شارەزایەكی ئابووری ئاماژە دەكات كە ئەو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە.

د. نەبیل مەرسوومی مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژە دەكات، دوو هۆكار هەن بۆ بەرزبوونەوەی دوایی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان پێوەستن بە سیاسەتی نەختێنەیی و رێوشوێنەكانی هاوردەكردن، یەكەمیان پێوەستە بە كەمیی دۆلاری لە بازاڕ خراوەتە روو بەهۆی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا كە رێگری لە وەرگرتنی دۆلار بەناوی هاوردەكردنی گەورە و زێدەڕۆ گرت، واتە ئەوەی پێی دەگوترێت دۆلاری گەڕاوە.

روونی كردەوە، جێبەجێكردنی ئەو سیستمە بووە هۆی كەمبوونەوەی ئەو دۆلارە زۆرەی بە نرخی فەرمی بەناوی هاوردەكردن وەردەگیرا و لە بازاڕ بە نرخی گرانتر دەفرۆشرایەوە، بۆیە ئێستە دۆلاری كەمتر دەگاتە بازاڕ و خواستیشی لەسەر زۆرە، هۆكاری دووەم پێوەندی بە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلاری بازاڕ هەیە بۆ دابینكردنی بۆ ئەو هاوردەكردنەی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە دوای جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە عێراق، هەناردن لەوێوە تێچووی كەمترە.   

مەرسوومی دووپاتی كردەوە ئەو هۆكارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار لە بازاڕ، كاتێك بازاڕ راستەوخۆ بە سیاسەتەكانی هاوردەكردن و كۆتەكانی سەر مامەڵەكردن بە دۆلار كاریگەر دەبێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل