نرخی چەند جۆرێكی ئۆتۆمبێلی چینی شكا

:: PM:04:36:24/02/2026 ‌
ماوەی چەند ساڵێكە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی لە هەرێمی كوردستان رووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام چەند ڕۆژێكە نرخی چەند جۆرێكی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە تەواوی رووی لە شكان كردووە. 

ئێستە لە كوردستان چەندان جۆری ئۆتۆمبێلی چینی هەن، كە بەشێكیان لە ڕێگەی بریكارە سەرەكییەكانیان دێنە فرۆشتن و بەشێكی تریان لە ڕێی پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل. 

ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوبات، ناسیح نووری خاوەنی پێشانگەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بە "وشە"ی گوت، نرخی ئۆتۆمبێلی چینی تا ئاستێك دابەزیوە، بەڵام جۆرێك لەو ئۆتۆمبێلانە دابەزینەكەی زیاترە. 

ڕوونیشی كردەوە كە جۆری "بی وای دی" پێشتر بە زمانی بازاڕ بە 125 گەڵا بۆ سەرەوە بوو، بەڵام چەند ڕۆژێكە نرخەكەی هاتووتە 110 بۆ 112 گەڵا، كە ئەوە شكانێكی لەناكاو و زۆرە بۆ ئۆتۆمبێل. 

هەروەها باسی لەوەیش كرد، هێشتا بە ڕوونی هۆكاری ئەو شكانە نازانن، بەڵام بەشێكی پێوەندیی بە هاتنی ئۆتۆمبێلی زۆر هەیە لەو جۆرە و خواست لەسەری تا ئاستێك كەمی كردووە.

دوای هاتنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ بازاڕەكانی كوردستان، ئێستە ركابەری نێوان ئۆتۆمبێلی چینی و ئەمەریكی و خەلیجی بە ئاستێكی زۆر زیادی كردووە، بەڵام ئەوەی ئۆتۆمبێلی چینی جیا دەكاتەوە لەوانەی تر، كەمیی نرخەكەیەتی.


وشە - وشه‌