لە بەغدا كارمەندانی كەرتی نەوتی عێراق، لە بەردەم وەزارەتی نەوتدا ناڕەزاییان دەربڕی لە دژی كەمكردنەوەی مووچەكانیان، وەزیری نەوتی عێراقیش بۆ دامركادنەوەی ناڕەزایییەكان وەڵامیان دەداتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوبات بە سەتان كارمەند و كرێكاری كەرتی نەوتی عێراق لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی نەوت ناڕەزاییان دەربڕی، چونكە دەنگۆی كەمكردنەوەی مووچە و پاداشتەكانیان هەیە.
حەیان عەبدولغەنی
وەزیری نەوتی عێراق پەیامێكی دەنگی بۆ دڵنیایی ئەوان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، "خۆپیشاندان لە دەروازەی وەزارەتی نەوت گردبوونەوەیەكی ئاشتییانەی بەشێك لە كارمەندانە، کە هەواڵی ئەوەیان پێگەیشتووە لە رێكارەكانی دەوڵەت ئەو پارەیە كەم دەكرێتەوە كە پێیان دەدرێت".
وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، هیچ جۆرە بڕیارێكی لەم شێوەیە نییە.
ئەمڕۆ ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، لە عێراق دەنگۆی ئەوە هەیە مووچەی فەرمانبەران بكرێتە 45 رۆژ جارێك، هەروەها دەنگۆی ئەوەیش هەیە فەرمانبەری زیادە لە كارەكانیان دوور بخرێنەوە، ئەم دوو رێكارییەیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگژەی داراییە.