بە چوار هۆكار كۆمپانیای شیڤرۆن چاوی بڕیوەتە نەوتی عێراق

:: PM:03:40:25/02/2026 ‌
نەبیل مەرسوومی ئابووریناسی عێراق ئاشكرای دەكات، چوار هۆكار وا دەكەن كۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریكا گرێبەستی كێڵگەی قرنە 2ی  لە بەسرە بە لاوە گرنگ بێت. یەكەم هۆكار پێوەندیی بە یەدەگی كێڵگەكەوە هەیە كە دەگاتە 13 ملیار بەرمیل.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ی شوبات نەبیل مەرسوومی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باس لەو هۆكارانە دەكات كە وا دەكەن كۆمپانیای شیڤرۆن، بایەخ بە گرێبەستی نەوتی كێڵگەی قرنە 2 ی بەسرە بدات. یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە یەدەگی  كێڵگەكە 13 ملیار بەرمیلە، جیا لەوەیش توانای بەرهەمهێنانی 480 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا واتە 10%ی بەرهەمی هەموو عێراق، كەمترین خەرجیشی هەیە كە دەگاتە دوو تا سێ‌ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

 هۆكارێكی تر یەكێكە لەو كێڵگانەی كە لە بەرهەرهێنانی پڕۆژەی گازی سروشتی بەشدارن، هۆكاری سێیەم ئەوەیە پێشتر لەلای كۆمپانیای لوك ئۆیڵ بەڕێوە دەبرا و ئێستە لەلای كۆمپانیای شیڤرۆن، هۆكاری چوارەمیش پێوەندیی بەو گەرەنتییانەوە هەیە كە بەغدا لە رووی شەفافیی گرێبەستەكان و تەناهی و بەردەوامییان بە كۆمپانیاكەی داوە.

دوو رۆژ لەمەوبەر بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و تۆم باراك نێردەی تایبەتی ترەمپ، كۆمپانیای شیڤرۆن گرێبەستێكی لەگەڵ عێراق كرد بۆ بەڕێوەبردنی كێڵگەی قرنە 2 لە بەسرە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل