بە بڕیاری مەسروور بارزانی لێكۆڵینەوە لە هاوردەكردنی دەرمانێكی تایبەت بە پەلەوەر دەكرێت

:: PM:08:07:27/02/2026 ‌
سەرچاوەیەكی تایبەت بە وشەی راگەیاند، بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لە هاوردەكردنی دەرمانێكی تایبەت بە پەلەوەر لە كوردستان پێكدەهێنرێت و سەرچاوەكە دەشڵێ‌، "سەرۆك وەزیرانی هەرێمی جەختی لە سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی كردووەتەوە".

ئەمڕۆ هەینی 27ی شوبات، سەرچاوەیەكی تایبەت بە وشەی راگەیاند، "بەهۆی ئەو دەنگۆ و مشتومڕانەی لەبارەی ئەگەری هاوردەکردنی جۆرێک دەرمانی تایبەت بە پەلەوەر بۆ ناو هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر، هاتوونەتە ئارا، بە بڕیاری مەسرور بارزانی, سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو بابەتە پێک هێنرا"

سەرچاوەكە دەشڵێ‌ "لیژنەکە بە زووترین کات دەست بەکاری خۆیان دەکەن و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و بەرهەمی ناوخۆ، بە وردی لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن. سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی تەواو  لە بەروبووم و بەرهەمی ناوخۆیی دەکات، لە هەمان کاتدا پاراستنی سەلامەتیی هاووەڵاتیان و ئاسایشی ئابووری، ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتە و چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچییەک ناکرێت"

لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، لە دەواجینەكانی هەرێمی كوردستان جۆرە دەرمانێك بۆ مریشك بەكارهاتووە، كە زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئەمەیش كاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆی هەبووە و هاوكات هاووڵاتیانیشی تووشی نیگەرانی كردووە. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل