ماڵپەڕێكی ئەمەریكی: ئەگەر زیان بەر بەسرە بكەوێت نیوەی هەناردەی نەوتی عێراق دەوەستێت

:: AM:09:50:02/03/2026 ‌
ماڵپەڕی ئینرجی نیوزی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌، ئەگەر زیان بەر دامەزراوە نەوتییەكانی بەسرە و بەندەرەكانی بكەوێت، ئەوا نیوەی هەناردەی نەوتی عێراق دەوەستێت و نرخی بەرمیلێك نەوتیش تا 10 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم دووی ئادار، ماڵپەڕی رۆژنامەی مەدای عێراقی پوختەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی ئینرجی نیوزی ئەمەریكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا هاتووە هەر زیانێك بەر بۆڕییە نەوتییەكان و بەندەرەكانی هەناردنی نەوتی عێراق بكەوێت، ئەوان نیوەی هەناردەی نەوتی عێراق كەم دەكات و لەوانەیە ملیۆنێك تا دوو ملیۆن بەرمیل كەم بكات.

ماڵپەڕەكە پێی وایە دابەزینی هەناردەی نەوتی عێراق، راستەوخۆ لێكەوتەی بەسەر بازاڕی دنیا دەبێت و بە بڕی سێ‌ تا 10 دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوت بەرز دەبێتەوە، واتە بە رێژەی 1% تا بۆ 4% بەرز دەبێتەوە. چونكە ئێستە عێراق دووەم بەهێزترین بەرهەمهێنەری ئۆپیكە و رۆژانە تا چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكات، ئەمەیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی 4 تا 5% بەرهەمی نەوت پێكدەهێنێ‌. 

لەڕووی مێژووییەوە راپۆرتەكە نموونەی هێرشەكانی سەر دامەزراوەی نەوتی سعوودیە دەهێنێتەوە كە لە 2019 رووی دا، بۆ ماوەی چەند رۆژێك نەوتی ئەو وڵاتە بە بڕی پێنج ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل كەمی كرد و سەرەتا بە رێژەی 20% تا 50% نرخی نەوتی بەرز كردەوە، بەڵام ئەمە ئەگەر بە عێراق بەراورد بكرێت، ئەوا لە حاڵەتی عێراق كەمتر دەبێت، چونكە عێراق كێڵگەكانی بەسەر ناوچەكان دابەش بووە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل