پسپۆرێك: 24 سەعاتی تر بەرمیلێك نەوت دەگاتە 100 دۆلار

:: PM:01:54:02/03/2026 ‌
پسپۆرێكی كاروباری ئابووری ئاشكرای كرد، نرخی نەوت بەردەوام دەبێ لە بەرزبوونەوە و چاوەڕوانیش دەكرێ لە 24 سەعاتی داهاتوودا، بەرمیلێك نەوتی خام بگاتە 100 دۆلاری ئەمەریكی.

حەیدەر ئەلشێخ پسپۆری ئابووری بە پێگەی بەغداد ئەلیەومی ڕاگەیاند، نرخی نەوتی خام بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و چاوەڕوان دەكرێ بە ڕێژەی 15% بە بەراورد بە نرخی ئێستە، نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزتر ببێتەوە و بگاتە 90 دۆلاری ئەمەریكی.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، داخستنی گەرووی هورمز و بە ئامانجگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و چاوەڕوان دەكرێ لە 24 سەعاتی داهاتوودا 100 دۆلاری ئەمەریكی تێپەڕێنێت.

ئەو پسپۆرە عێراقییە ئەوەیشی خستە ڕوو، بە ئامانجگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان و داخستنی هورمز، دەبێتە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتی عێراقیش بە ڕێژەی 90% بۆ دەرەوە، كە عێراق بە ڕێژەیەكی ڕەها پشت بە هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە دەبەستێت، وەك سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د