سێ رۆژە نرخی نەوت بەردەوام بەرز دەبێتەوە

:: AM:09:14:03/03/2026 ‌
بەهۆی فراوانبوونی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و توندبوونەوەی هەڕەشەكان بۆ سەر كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، سێ ڕۆژە لەسەریەك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەرزتر دەبێتەوە.

بەگوێرەی بۆرسەی جیهانی وزە، نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ سێشەم سێی ئادار، 1.10 سەنت كە دەكاتە 1.4%ی نرخەكەی بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 78 دۆلار و 83 سەنت، هەروەها نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێكساسی ئەمەریكا 74 سەنت كە دەكاتە رێژەی 1%ی نرخەكەی بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 71.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە، بەرپرسێكی سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی داخستووە، هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە هەر كەشتییەك هەوڵی تێپەڕاندنی بدات دەیكاتە ئامانج، هەروەها ڕاپۆرتەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە تانكەرێكی سووتەمەنی كە ئاڵای هندۆراسی لەسەر بووە، لە كاتی رۆیشتن بە گەرووەكەدا لەلایەن دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشی كراوەتە سەر.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕاپۆرتەكان ئاماژەیان بەوە كردووە، ژمارەیەك كەشتیی نەوتهەڵگر و كەشتییە كۆنتێنەرەكان خۆیان لە تێپەڕین بەو ڕێڕەوی ئاوە بەدوور دەگرن، كۆمپانیاكانی بیمە بەهۆی زیادبوونی مەترسییە تەناهییەكانەوە، جووڵەی كەشتییەكانیان هەڵوەشاندەوە.

چاوەڕێ دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا بەهۆی فرانتربوونی شەڕەكەوە و هێرش بۆ سەر كەرتی وزەی ناوچەكە، نەوت بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.



وشە - سۆران عەزیز