بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رمێلە وەستا

:: PM:04:57:03/03/2026 ‌

بەهۆی پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران و بۆردمانكردنی تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و داخستنی گەرووی هورمز، چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بۆ وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رمێلە كرد، كە گەورەترین كێڵگەی نەوتییە لە عێراق و دووەم گەورەترینە لە دنیا.

سەرچاوەكان دەڵێن، بڕیاری وەستانی تەواوەتی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رمێلە بەهۆی وەستانی پرۆسەی هەناردنی نەوتی ئەو كێڵگەیە دێت بەهۆی كاریگەربوونی بەو شەڕەی ئێستە لە كەنداو هەیە و بووەتە هۆی نەرۆیشتنی نەوت و كەڵەكەبوونی لەناو خەزانەكانی ناو كێڵگەكە و بەندەرەكان، بۆیە تا كاتی سەقامگیربوونی دۆخەكە و دەست پێ كردنەوەی هەناردن بڕیاری وەستانی بەرهەمهێنان بە شێوەیەكی كاتی درا.

هاوكات سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركووك ئاشكرای كرد كە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا بەهۆی وەستانی كاركردنی ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن وەستاوە، وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێم بە كۆمپانیای نەوتی باكوری راگەیاندووە كە بەفەرمی بە وەزارەتی نەوتی عێراق رابگەیەنێت بە وەستانی هەناردن كە ئەمڕۆ هاتووەتە وەستان.

بەپێی سەرچاوەكە بڕی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم بەر لە وەستانی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە و هۆكاری وەستانی هەناردنیش پێوەستە بە دۆخی ناوچەكە و پەرەسەندنەكانی دوایی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل