هەناردنی نەوتی عێراق بەرەو سفر دەچێت

:: PM:06:41:03/03/2026 ‌

ئەمڕۆ سێشەم هەناردنی نەوتی عێراق لە باشوور و لە هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا وەستا، ئەوەش بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو شەڕەی لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل لە شەمووی رابردووەوە دروست بووە، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە هەناردنی نەوتی عێراق لە باشوور و هەرێم وەستاوە و بەرهەمهێنان كەمی كردووەتەوە و هەناردن بەرەو سفر دەچێت.

د. نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان نووسیویەتی، عێراق بێ نەوتە، وەك پێشبینی دەكرا عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ ملیۆنێك بەرمیلی رۆژانە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی كەم كردووەتەوە، ئەوەش دوای وەستانی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان و رمێلە و دووی رۆژئاوای قورنە و هیتریش، ئەوەش بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و وەستانی باركردنی نەوت لە رێگەی كەشتییەكان بۆ بازاڕەكان لە رێگەی گەرووەكەوە.

دووپاتی كردەوە، ئەوەش مانای بەسفركردنی هەناردەی نەوتی عێراقە، كە ئێستە تەنیا هەناردن 10 هەزار بەرمیلی رۆژانە ماوە كە بەرەو ئوردن دەچێت.

ئەمڕۆ سێشەم چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بۆ وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رمێلە لە باشووری عێراق كرد، كە گەورەترین كێڵگەی نەوتییە لە عێراق و دووەم گەورەترینە لە دنیا، هاوكات سەرچاوەیەكی تر ئاماژەی بۆ وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا كرد كە بڕەكەی 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش بەهۆی وەستانی كاركردنی ژمارەیەك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل