راوێژكارێكی سوودانی: مووچەی چەند مانگێك دابین كراوە

:: AM:10:36:04/03/2026 ‌
موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، وێڕای ئەوەی هەناردەی نەوت كەم بووەتەوە، حكوومەتی عێراق مووچەی چەندان مانگی دابین كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار، موزهیر محەمەد ساڵح  لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێ‌، "سەرۆك وەزیران پلانێكی داناوە بۆ هەر دواكەوتنێكی مووچە، ئەم بابەتە لە پێشینەی كارەكانی حكوومەتە، بۆ ئەوەی شایستەی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەردەوام بێت".

لە كاتێكدا لەناو خەڵكدا نیگەرانی پەیدا بووە، بەهۆی كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق، كەچی موزهیر محەمەد ساڵح دووپاتی دەكاتەوە، مووچەی چەندان مانگ دابین كراوە لە داهاتی ئەو نەوتەی لە چەند مانگی رابردوودا فرۆشراوە. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات بەرزبوونەوەی نرخ نەوت لە بەرژەوەندی عێراقە ئەگەر هەناردەكەی كەمیش بێت.

بەهۆی ئەوەی عێراق كاری لەسەر پەرەپێدانی سەرچاوەكانی تر نەكردووە، داهاتی سەرەكیی عێراق لە نەوتە و زیاتر لە 90%ی بودجەكەی بە داهاتی نەوت دابین دەكات.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل