وەزارەتی بازرگانی: پارەی بەشەخۆراك هەزار دینارە

:: AM:11:14:04/03/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، تەواوی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان دابین كراوە و كرێی وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە بۆ هەر تاكێك تەنیا هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادكردنێك نادرێت، بریكارەكانی خۆراكیش لە ئاگاداركردنەوەیان بۆ هاووڵاتییان دەڵێن هەزار و 500 دینارە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئادار،  وەزارەتی بازرگانیی عێراق  راگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، تەواوی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان دابین كراوە و پرۆسەی دابەشكردن بەپێی خشتە دیاریكراوەكان بەردەوامە، بۆ ئەوەی بەبێ كەموكورتی بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

ئاماژە بەوەش كراوە، تیمەكانی چاودێریی بازرگانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە تەناهییەكان، بەردەوامن لە چاودێریكردنی كارەكانی بریكارەكان و بازاڕەكان بۆ رێگریكردن لە هەر سەرپێچییەك و كۆنترۆڵكردنی نرخەكان.

لەبارەی كرێی بەشەخۆراك ئەو وەزارەتە دەڵێت، كرێی وەرگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە بۆ هەر تاكێك تەنیا هەزار دینارە و رێگە بە هیچ زیادكردنێك نادرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە لە ئاگاداریی بریكارەكانی خۆراك لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كرێی بەشەخۆراك هەزار و 500 دینارە.



وشە - رامیار جەواد