بۆ ڕێگرتن لە تەنگژەی وزه‌.. واشنتن سزاكانی كڕینی نەوت لە ڕووسیا كەم دەكاتەوە

:: AM:08:45:07/03/2026 ‌

نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەهۆی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران و بەرمیلێك نەوت نزیك دەبێتەوە لە 100 دۆلار، بەهۆی كەمبوونەوە یان وەستانی هەناردەی نەوتی كەنداو بۆ بازاڕەكانی دنیا، سەرچاوەكانیش نایشارنەوە كە ئەمەریكا بۆ پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە، سزاكانی كڕینی نەوت لە ڕووسیا كەمتر و كەمتر دەكاتەوە.

نرخی نەوت بەر لە داخستنی بۆرسەی كۆتایی هەفته، بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 93 دۆلار و نرخی بەرمیلێك نەوتی ئەمەریكیش بە 91 دۆلاری ئەمەریكییە، ئەمەیش بەرزبوونەوەیەكی خێرا و بەرچاوە لە نرخی نەوت و كاریگەری لەسەر ئابووری دنیا دروست دەكات و ئەگەری كەمبوونەوەی زیاتری نەوتیش لە بازاڕی وزەی جیهانی هەیە.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لەوبارەیەوە بڵاوی كردەوە، كوێت دەستی بەكەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كردووە، دوای سەرجەم كۆگەكانی ئەمباركردنی نەوت پڕبوون، ئێستەیش بازاڕی وزەی دنیا ڕۆژانە حەوت تا 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێ ناگات و كەمی كردووە، بەهۆی گرژییەكان لە گەرووی هورمزەوە.

بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی نەوت لە بازاڕی وزە ئێستە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پشتی بەستووە بە كەمكردنەوەی سزاكانی كڕینی نەوت لە ڕووسیا، نووسینگەی چاودێری ڕێكار دژی وڵاتانی بیانیی سەربە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، بەشێوەیەكی كاتی هیندستانی بەخشی و ڕێگەی پێدا تا نەوتی خام لە ڕووسیا بكڕێت، دوای ئەم بڕیارەیش هیندستان 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕووسیا كڕی و گرێبەستەكە ڕاستەوخۆ خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو هەوڵانەی ئەمەریكا بۆ ئەوەیە كە كورتهێنانی نەوت لە بازاڕی وزەی جیهانی كەم بكاتەوە و سنووری بۆ دابنێ، تا لە بەرانبەردا ڕێگە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت بگیرێت، چونكە هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دروستبوونی گرژی لە گەرووی هورمز كە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بووەتە گرفتێكی گەورە و چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێ كە كاردانەوەی نەرێنی زۆر لەسەر ئابووری جیهان دروست بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د