چین بۆ تێپەڕینی كەشتی قەتەری بە هورمز گفتوگۆ لەگەڵ تاران دەكات

:: AM:10:15:07/03/2026 ‌

 ئاژانسێكی ئەمەریكی ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، چین دەستی بە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە، تا ڕێگە بەوە بدات كەشتییەكانی هەڵگری نەوتی خام و گازی قەتەری بە سەلامەتی بە گەرووی هورمز تێپەڕ ببن.

لەگەڵ دەستپێكی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە دژی ئێران، تا ئێستە سەتان كەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز وەستاون و چاوەڕوانی هێوربوونەوەی دۆخەكە و ڕۆیشتنن بۆ وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لە كەنداو.

گەرووی هورمز یەكێكە لە گەرووە گرنگ و ستراتجییەكان بۆ ئابووری دنیا و ئێستە چین لەگەڵ بەرپرسان باڵای ئێران لە گفتوگۆدان، تا ڕێگە بە كەشتی قەتەری بدرێ هاتوچۆ لە هورمز بكەن.

سەرچاوەكان بۆ ڕۆیتەرز گوتوویانە، چینییەكان داوایان لە ئێران كردووە كە ڕێگە بە كەشتیی نەوت و گازهەڵگری قەتەری بدات، تا هاتوچۆ بە ئاوەكانی كەنداو و گەرووی هورمز بكات، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئێرانی لەوبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە.

چین و ئێران وەك دوو وڵاتی هاوپەیمانی یەكتر هەژمار دەكرێن و پەكین لە ڕووی ئابووریشەوە بە گەورەترین كڕیاری نەوت و هاوبەشی بازرگانی ئێران دادەنرێ.

بەگوێرەی داتای جووڵەی كەشتییەكان، ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو كەشتییەكی نەوتهەڵگری چینی گەرووی هورمزی بە سەلامەت بڕیوە، بەڵام دواتر هیچ زانیارییەك لەبارەیەوە بڵاو نەكرایەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د