سبەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگات و دەست بەدابەشكردنی دەكرێت

:: AM:10:35:07/03/2026 ‌
دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەم 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا نارد، وەزارەتی دارایی عێراقیش رۆژی دواتر بەشێك لە مووچەی فەرانبەرانی هەریمی خەرج كرد، بڕیارە سبەی تەواوی پارەكە بگات.

وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی پێنجشەم، بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نارد.

ئەوەش دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم تەواوی پابەندییەكانی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێ كرد.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سبەی یەكشەم تەواوی پارەی مووچەخۆرانی كوردستان دەگات و لە ماوەی سێ رۆژدا دابەش دەكرێت.

لەبارەی كاتی دابەشكردنی مووچە و گەیشتنی پارەی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی دەڵێت: چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی، سبەی یەكشەم تەواوی پارەی مووچە بخرێتە سەر هەژمارە بانكییەكەیان.

ئەمە لە كاتێكدایە مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی عێراق دەست بەدابەشكردنی كراوە، بەڵام هێشتا فەرمانبەرانی كوردستان مووچەی مانگی دوویان وەرنەگرتووە.

 



وشە - سۆران عەزیز