ئەمڕۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران چووە ناو هەشتەم رۆژیەوە و ئێران گەرووی هورمزی بە رووی كەشتییەكانی هەڵگری نەوت و بازرگانییەكان داخستووە، چەند رۆژێكە عێراق هەناردنی نەوت و بەرهەمهێنانی لە چەند كێڵگەیەكی باشوور وەستاندووە، شارەزایەكی ئابووری رەتی دەكاتەوە رێگە بە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمز درابێت.
د.نەبیل مەرسوومی شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، ئەو هەواڵانەی باسی ئەوە دەكەن كە ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی كەشتییەكانی هەڵگری نەوتی عێراق داوە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز راست نین، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە، عێراق نەوتەكەی بە سیستمی فوب دەفرۆشێت، واتە لە بەندەرەكانی بەسرە دەیخاتە روو و كڕیاران لەوێوە خۆیان بۆ وڵاتانیان دەگوازنەوە، عێراق كەشتیگەلێكی نیشتمانی بۆ گواستنەوەی نەوت نییە و تەواوی نەوتەكەی بە كەشتیی بیانی دەگوازرێتەوە.
زیاتر گوتی، كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و داخرانی چەندان كێڵگەی نەوت لەگەڵ ئەو قسانە یەك ناكاتەوە كە باسی تێپەڕبوونی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمز دەكەن، تا ئێستەش حەوت كەشتیی بارهەڵگر هەن كە نەوتی عێراقیان بار كردووە چاوەڕوانی رێگەپێدان دەكەن بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز، كۆمپانیاكانی بیمەش بیمەكردنی ئەو كەشتییانەیان راگرتووە كە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەن و هاتوچۆی دەریایی بە گەرووەكە وەستاوە.