بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم وەزیرانی دارایی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكەی دنیا، بەشێوەی ڤیدیۆكۆنفرانس كۆ ببنەوە و تاوتوێی ئەو دۆخە هەموارە بكەن، كە لە ئەنجامی شەڕ دژی ئێران بەرۆكی ئابووری دنیا دەگرێت.
كۆبوونەوه نائاساییەكە بە سەركردایەتیی فڕەنسا دەبێ كە ئێستە سەرۆكایەتی گرووپەكە دەكات، سەعات 1:30ی دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەكات.
لەبارەی تەوەری گفتوگۆكانی وەزیرانی دارایی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكە، ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بڵاوی كردووەتەوە، وەزیرانی دارایی باس لە ئەگەری خستنەڕووی هاوبەشی نەوتی هەڵگیراو لەلایەن وڵاتانەوە دەكەن، تا نەوت لە بازاڕ زۆر بێ و دووبارە نرخی نەوت ڕوو لە دابەزین بكاتەوە.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی گرووپی تایبەت بە ئەمباركردنی وزەی هەیە و 32 وڵات تێیدا ئەندامن، سیاسەتی ئەو گرووپە كڕین و ئەمباركردنی زۆری نەوتە تا لە كاتی بوونی تەنگژە و كێشە، ئەو نەوتە كۆگەكراوە بەكار بهێنن و پێویست نەكات نەوت بە نرخێكی خەیاڵی بكڕن.
تا ئێستە هەر
حەوت وڵاتە پیشەسازییەكە لەسەر ئەوە ڕێككنەكەوتوون كە نەوتی ئەمباركراوی خۆیان بخەنە بازاڕەوە، بەڵام سەرچاوەكان بۆ ڕۆژنامە بەریتانییەكە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، سێ وڵات لە كۆی هەر چوار وڵاتەكە، ئامادەن نەوتی هەڵگیراویان بخەنە ڕوو، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەمەریكایش پشتیوانی تەواوەتی خۆی لەم هەنگاوە دەربڕی و دووپاتی كردەوە، بە هەمانشێوە نەوتی هەڵگیراو دەخاتە بازاڕەوە.
جیا لە پرسی نەوت، وەزیرانی دارایی حەوت وڵاتە پیشەسازییەكە، تاوتوێی لێكەوتەكانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لەسەر ئابووری دنیا دەكەن.