نرخی نەوت بە ڕێژەی 6% دابەزی

:: AM:09:15:10/03/2026 ‌
بەهۆی قسەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی كۆتاهاتنی شەڕ لە دژی ئێران، نرخی نەوت بە ڕێژەی 6% ڕووی لە دابەزین كرد، ئەمەیش دوای ئەوە هات كە نەوت گەیشتە بەرزترین نرخ بە بەراورد بە سێ ساڵی ڕابردوو.

درەنگانی شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، پێشبینی كۆتاهاتنی جەنگ لە دژی ئێران لە داهاتوویەكی نزیك دەكات، چونكە ئەوان سەرجەم توانا سەربازییەكانیان لە دەست داوە، ئەمە مەترسی بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز و نەگەیشتنی نەوت بە بازاڕەكانی دنیای نەهێشت، بۆیە كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت كرد و بە ڕێژەی 6% ڕووی لە دابەزین كرد.

بەهای بەرمیلێك نەوتی خامی برێنت شەش دۆلار و 51 سەنت ڕووی لە دابەزین كرد، بەمشێوەیە نرخی بەرمیلێك گەیشتە 92 دۆلار و 45 سەنت، هەروەها نەوتی خامی ڕۆژئاوای تێكساسیش شەش دۆلار و 12 سەنت دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێك گەیشتە 88 دۆلار و 65 سەنت.

دوێنێ دووشەم نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست و هەر بەرمیلێك نەوتی خامی برێنت گەیشتە نزیكەی 119 دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە نرخی نەوت ئەم بەرزبوونەوە زۆرەی بەخۆیەوە نەبینیبوو.


وشە - باز ئه‌حمه‌د