عێراق زیادكردنی 20%ی باجی سەر كارتی ئینتەرنێت جێبەجێ دەكات

:: PM:08:53:10/03/2026 ‌

ساڵی رابردوو عێراق دووچاری تەنگژەیەكی قووڵی دارایی هاتەوە، ئەوە وای كرد خەرجییەكان  جگە لە مووچە و پاڵپشتییەكانی خۆراك و دەرمان و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی بوەستێت، لەوانە دامەزراندن و پڕۆژەكان و سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە، بڕیاری دا چەند رێوشێنێك بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان وەربگرێت، لەوانە زیادكردنی باج لەسەر كارتەكانی پێوەندیكردن و ئینتەرنێت.

ئەمڕۆ سێشەم وەك لە نووسراوێكی وەزارەتی پێوەندیكردن هاتووە، داوای دەست پێكردنی جێبەجێكردنی زیادكردنی باج بە رێژەی 20% لەسەر كارتەكانی پێوەندیكردن و ئینتەرنێت لە عێراق دەكات، كە خزمەتگوزاریی كۆمپانیاكانی پێوەندیكردن و ئینتەرنێت دەگرێتەوە.

ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی حكوومەتی عێراقە پێوەست بە رێكخستنەوەی داهاتی كەرتی پێوەندیكردن و دابینكردنی سەرچاوەی تری داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت، لەو كاتەی كەرتی پێوەندیكردن لە عێراق فرەوانبوونێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

پێشتر ئەو بابەتە ناڕەزایەتییەكی فرەوانی جەماوەری بەخۆیەوە بینی لەوەی هەنگاوەكە دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی كارتەكانی پێوەندیكردنی مۆبایل و ئینتەرنێت، بەشێك لە یاساناسانیش ئاماژەیان كرد كە ئەو بابەتە نابێت ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی كارتەكان، چونكە باجی سەر كاركردنی كۆمپانیاكان زیادی كردووە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل