راستەوخۆ لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران پەنای بۆ داخستنی گەرووی هورمز بر د بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر بازاڕی نەوت و هەڵكشانی نرخ بەهۆی كەمبوونەوەی گەیشتنی نەوتی چەند وڵاتێك بۆ بازاڕ، لەوانە عێراق برد، كە رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەرووە هەناردە دەكات، ئەوەش وای كرد هەناردنی نەوتی عێراق بەرەو سفر بچێت، بەڵام كەی كار لە توانای دارایی عێراق دەكات؟
زیاد هاشمی شارەزای ئابووری پێی وایە ئەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە گوشارێكی گەورەی ئابووری خستووەتە سەر ئابووری عێراق، ئەوەش بەهۆی مەترسییە جیۆئابوورییەكانی هەڕەشە لە قووڵایی سیستمی ئابووریی عێراق دەكەن، بەتایبەتی كە عێراق نیوچە تەواوەتی پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە هەر وەستانێك لە بەرهەمهێنانی نەوت یان پەككەوتنی هەناردنی، دەبێتە كێشە بۆ هاتنی دراوی بیانی، كە كەرتی دارایی عێراق پشتی پێ دەبەستێت، چونكە داهاتی نەوت سەرچاوەی سەرەكییە بۆ خەرجیەیكانی حكوومەت، لەوانە مووچە.
روونی كردەوە، رەنگە كاریگەریی ئەو تەنگژەی هەیە راستەوخۆ بەدیار نەكەوێت، چونكە ئەو پارەی ئێستە لە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراق داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراوە تا ئێستە، واتە بەر لە شەڕەكە و داخرانی گەرووی هورمز، بۆیە حكوومەت چوار بۆ شەش هەفتەی لەپێشە بۆ هاتنی دۆلار و داهاتی فرۆشتنی نەوت.
هاشمی دووپاتی كردەوە كە لەو ماوەیە حكوومەتی عێراق توانای دابینكردنی خەرجییە سەرەكییەكانی دەبێت، وەك مووچە و خەرجییەكانی تر، بەڵام بەردەوامبوونی شەڕ بۆ ماوەیەكی درێژتر، رەنگە عێراق بخەنە بەردەم ئاڵنگارییەكی راستەقینەی ئابوورییەوە.