بڕی 10 هەزار دینار بەرانبەر 200 سەعات کارەبا لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت

:: PM:11:02:10/03/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر بڕیاری دا بڕی 10 هەزار دینار بەرانبەر 200 سەعات کارەبا بۆ هەر ئەمپێرێک لە هاووڵاتییان وەربگیرێت، ئەمەش لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ناهەموار و نەخوازراوەی دوای وەستانی وێستگەی غازی کۆرمۆر و کەمیی کارەبای نیشتمانی دروست بووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان، بۆ جاری دووەم و دوای کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگار بڕیار درا کە ئەو بڕە پارەیە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ تا یەکی نیسانی 2026 لە سنووری پارێزگای هەولێر وەربگیرێت. لە بەرانبەر ئەمەشدا، دەبێت هەر خاوەن مۆلیدەیەک 200 سەعات کارەبا لەو ماوەیەدا بدات بە هاووڵاتییان.

ئەنجوومەنەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە، لە ئەگەری چاکبوونەوەی دۆخی کارەبای نیشتمانی لەو ماوەیەدا، کارکردنی مۆلیدەکان ڕادەگیرێت و ئەو سەعاتانەی کە ماون دەبێتە قەرز لەسەر خاوەن مۆلیدەکان، بۆ جاری داهاتووش دەبێت لە بەرانبەر ئەو پارەیەی وەرگیراوە، کارەبا بە هاووڵاتییان بدەنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هۆشداری دراوە کە هەر خاوەن مۆلیدەیەک پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، ئەوا ڕێکاری پێویستی لەگەڵدا دەکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود