مووچەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دیاری كرا

:: PM:03:07:11/03/2026 ‌
رێنوێنی ژمارە 1 ساڵی 2026 تایبەت بەدیاریكردنی مافی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەرچوو، بەپێی رێنوێنییەكە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بڕە پارەیەكیان بۆ دیاری دەكرێت.

بەپێی دەقی ڕێنوێنییەكە كە پەسند كراوە و وێنەیەكی دەستی "وشە" كەوتووە، تێدا هاتووە، هەر كەسێك لە ئەنجامی تاوانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمەوە زیانی جەستەی بەركەوتبێت و كاریگەریی بەردەوام بێت، قەرەبوو دەكرێتەوە.

ئەوەش لە رێنوێنییەكاندا هاتووە، لیژنەی پزیشكی پسپۆڕ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی پێكدەهێنرێت بۆ پشكنینی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و كاریگەریی بەركەوتنەكەی دیاری دەكرێت.

بەپێی ڕێنوێییەكان، بەركەوتوو ئەگەر رێژەی بەركەوتنەكەی 5% تا 39% بێت، ئەوا مینحەیەكی مانگانەی بە بڕی 200 هەزار دینار بۆ دەردەچێت، ئەگەر رێژەكەی 40% تا 59 بێت، مانگانە بڕی 250 هەزار دیناری  بۆ دەبڕێتەوە.

ئەوەش هاتووە، ئەگەر كەسی بەركەوتوو رێژەی بەركەوتنی 60% زیاتر بێت، ئەوا مینحەی مانگانەی بەبڕی 400 هەزار دینار دەبێت، ئەو مینحەیەش رێگر نییە لە وەرگرتنی مووچەی تر.



وشە - رامیار جەواد