فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان نووسراوێك دەدەنە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و تێیدا داوا كراوە مووچەی مانگی ئاداری هەرێمی كوردستان پێش جەژن خەرج بكرێت.
نووسراوەكە لە ڕێی فەرهاد ئەترووشی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاراستەی سوودانی كراوە و دواتر سوودانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەتەوە.
دانەر عەبدولغەفار گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئەو داواكارییە لەسەر ئەو بنەمایە بووە كە بۆ هەرێمی كوردستان هەردوو جەژنی نەورۆز و رەمەزان لەپێشن، داوامان كردووە كە مووچەی مانگی ئادار بنێردرێت.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، هەموو هەوڵەكانی پارتی بۆ ئەوەیە كە پێش جەژن مووچەیەكی تر بۆ كوردستان بێت، چونكە ئێستە بەراورد بە بەغدا مووچەیەكیش لە كوردستان دواكەوتووە.
بەغدا بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مەرجی رادەستكردنی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و داهاتی ناوخۆی 120 ملیار دیناری داناوە، بەڵام هێشتا دیار نییە لەوماوە كەمەی ماوە ئەو رێككارانە تەواو دەكرێن یان نا.