هێرشی سەر كەشتییە عێراقییەكان نەوتی گەیاندە 100 دۆلار

:: AM:07:14:12/03/2026 ‌
دوای ئەو هێرشەی كرایە سەر كەشتیە نەوتییەكانی عێراق، نرخی نەوت لە بازاڕەكان بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، بە شێوەیەك نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 100 دۆلاری تێپەڕاند.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، نرخی نەوت بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، لەوانە نەوتی برێنت گەیشتە 100 دۆلار و سێ‌ سەنت و نەوتی تێكساسیش گەیشتە 94 دۆلار و 27 سەنت.

بەگوێرەی پێنوێنی بازاڕەكانی جیهان تەنیا دوای هێرشەكەی سەر كەشتییەكانی نەوتی عێراق برێنت بە رێژەی 8% بەرز بووەتەوە.

شەوی رابردوو فەرحان فەرتووسی بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەندەرەكانی عێراق بە رۆیتەرزی راگەیاند، دوو كەشتی بیانی كە نەوتی عێراقیان هەڵگرتبوو، لە ئاوی عێراق لە كەنداو هێرشیان كراوەتە سەر و گڕیان گرت.

دوێنێ‌ ئێران هەڕەشەی كرد، رێگە نادات یەك لیتر نەوت بە گەرووی هورمز تێپەڕێت و لە بەرژوەندی ئەمەریكا بێت، بەمەیش ئێران پێشبینی كرد نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 200 دۆلار بەرز بێتەوە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل