تێچووی هێرشەكانی ئەمەریكا تا لاوازكردنی ئێران 50 ملیار دۆلاری تێدەچێت

:: PM:02:10:12/03/2026 ‌
شەش ڕۆژی یەكەمی شەڕ لەگەڵ ئێران ئەمەریكا لانیكەم 11.3 ملیار دۆلاری خەرج كردووە، چاوەڕوان دەكرێت داوای پارەی زیاتر لە كۆنگرێس بكرێت و رەنگە بگاتە 50 ملیار دۆلار.

سەرچاوەیەك لە ئیدارەی ئەمەریكا بۆ ئەلمۆنیتەری ڕای گەیاندووە، كاربەدەستانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە كۆنگرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەو بەرپرسانە لە دانیشتنێكی داخراودا لەگەڵ سیناتۆرەكان ئاشكرایان كرد، لە شەش ڕۆژی یەكەمی شەڕ لەگەڵ ئێران لانیكەم 11.3 ملیار دۆلاری ئەمەریكی تێچووە، بەڵام ئەوە كۆی تێچووی شەڕەكە لەخۆ ناگرێت.

چەندان یاریدەدەری كۆنگرێس پێشبینی دەكەن بەمزووانە كۆشكی سپی داوای بودجەی زیاتر بۆ شەڕەكە لە كۆنگرێس بكات، هەندێك لە بەرپرسان دەڵێن داواكارییەكە دەتوانێ بگاتە 50 ملیار دۆلار.

هەڵمەتی دژ بە ئێران لە 28ی شوباتەوە بە هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستی پێ كرد، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا یاسادانەرانیان ئاگادار كردووەتەوە كە لە دوو ڕۆژی یەكەمی هێرشەكاندا، بە بەهای 5.6 ملیار دۆلار خەرجیی شەڕەكە بووە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، تێچووی شەڕی ئێران بۆ ئەمەریكا گەورە دەبێت، رەنگە تا پەلوپۆخستنی ئێران بگاتە 50 ملیار دۆلار.

تا 12یەمین رۆژی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، كۆی تێچووی 14 بۆ 18 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش نزیكەی 18 هێندەی تێچووی گشتیی جەنگە 12 رۆژییەكەی ساڵی 2025ـە.



وشە - سۆران عەزیز