راوێژكارێكی سوودانی: ئەگەر شەڕ درێژە بكشێت رەنگە پەنا بۆ قەرز ببەین

:: PM:09:29:14/03/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێی نایە سێیەم هەفتە، ئەگەرچی كۆتای ئەو شەڕە دیار نییە، بەڵام شارەزایان پێشبینی چوار هەفتەی بۆ دەكەن، ئێستە بەهۆی وەستانی هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز، هەناردنی نەوتی عێراق وەستاوە، راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێی وایە دۆخەكە درێژە ناكێشێت و ئەگەر درێژەی كێشا، رەنگە حكوومەتی عێراق ناچار بێت پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە خەمڵاندنەكان ئاماژە دەكەن ئەو شەڕەی ئێستە لە ناوچەكە هەیە وەك دوورترین مەودا بۆ زیاتر لە چوار هەفتە بەردەوام نابێت، راستە دۆخی سیاسی و جیۆسیاسی ئێستە بە وردی نایەتە خەمڵاندن، بەڵام پێشبینی ناكرێت شەڕەكە لە چوار هەفتە زیاتر بەردەوام بێت، ئەگەری هەڵگیرسانی سێیەم شەڕی دنیاش تەواو دوورە. 

دووپاتی كردەوە، حكوومەتی عێراق گرنگیی لەپێشینە بە مووچە و كرێ و مووچەی خانەنشینی و چاودێری كۆمەڵایەتی دەدات، چونكە پێوەستە بە داهاتی نۆ ملیۆن مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەش بژێوی ژمارەیەك خێزان دابین دەكات ژمارەی تاكەكانی چوار هێندەیە، چونكە هەر مووچەیەك چوار كەس دەگرێتەوە.

ئەو دۆخەی ئێستە بەهۆی پەككەوتنی هەناردەكردنی نەوت زەحمەتی بۆ ئەم مانگە و ئەوەی داهاتووی تیایە، بەڵام میكانیزمی تر هەیە بۆ هەناردنی نەوت و هەناردن لە رێگەی بەندەری جەیهان دەستی پێ كراوەتەوە و ئێستە توانای هەناردن 40%ی پێشووە، واتە 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، بۆیە لە سایەی زیادبوونی نرخ سەرەڕای كەمبوونەوەی قەبارەی هەناردن، دۆخی دارایی عێراق بەرگەی گوشارەكانی سەری دەگرێت. هاوكات حكوومەتی سیاسەتی دەستگرتنەوە و وەستانی خەرجییە ناپێویستەكانی پێڕەو كردووە.

ساڵح ئاشكرای كرد كە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی شەڕ بۆ ماوەیەكی درێژتر، ئەگەری هەیە حكوومەتی عێراق پەنا بۆ قەرزی سنوورداری ناوخۆیی لە بانكی ناوەندی ببات، بەڵام خەمڵاندنەكان بەو ئاراستەیەن كە رەنگە تەنگژەكە زیاتر لە چوار هەفتە نەخایەنێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل