حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە دەڵێ، "پێوەندیمان لەگەڵ ئێران هەیە بۆ ئەوەی لە هورمز رێگە بە تێپەڕبوونی هەندێك كەشتیی نەوت بدات".
ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئادار، ئاژانسی
رۆیتەرز لێدوانێكی وەزیری نەوتی عێراقی بڵاو كردووەتەوە، باس لەوە دەكات بەغدا لەگەڵ تاران لە پێوەندیدایە بۆ ئەوەی لە هورمز رێگە بە تێپەڕبوونی هەندێك كەشتیی نەوتی عێراق بدات.
ئێوارەی چوارشەمی هەفتەی رابردوو دوو كەشتیی نەوتی عێراق لە ئاوی كەنداو لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان كرایە سەر، لە ئەنجامدا عێراق لە باشوور هەناردەی نەوتی راگرت.
بەگوێرەی لێدوانێكی وەزیری نەوتی عێراق كە ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە، لە 10 رۆژی رابردوودا عێراق هیچ داهاتێكی نەبووە.
پێشتر میدیاكانی عێراق ئاشكرایان كرد، لە گەرووی هورمز كە بە هۆی هێرشەكانی ئێرانەوە وەستاوە، ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی چەند كەشتییەكی عێراقی داوە، بەڵام ئەو هەواڵە زوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق رەت كرایەوە.