رێكخراوێك: بە هۆی هەرێمەوە عێراق مانگانە نزیكەی ملیارێك دۆلار داهاتی دەبێت

:: AM:11:54:18/03/2026 ‌
روانگەی ئیكۆی عێراق كە تایبەتە بە توێژینەوەی ئابووری لە عێراقدا، ئاشكرای دەكات بە هۆی هەناردەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق لە رۆژێكدا 24 ملیۆن و 210 هەزار دۆلاری داهات دەبێت كە لە مانگێگدا دەكاتە 726 ملیۆن دۆلار.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئادار، روانگەی ئیكۆ لە هەڵسەنگاندنێكدا باس لەوە دەكات بە هۆی ئەو بۆڕییە نەوتییانەی هەرێمی كوردستانەوە، عێراق لە رۆژێكدا 24 ملیۆن دۆلاری داهات دەبێت، ئەمە ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێك بە 100 دۆلار بێت، هەروەها كرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش سێ دۆلار و 15 سەنت بێت. بڕی هەناردەكراویش 200 هەزار بەرمیل بێت لە رۆژێكدا. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرەوە، ئەوا رۆژانە عێراق 24 ملیۆن و 210 هەزار دۆلاری دەست دەكەوێت، واتە لە 30 رۆژدا 726 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری دەست دەكەوێت. بەڵام بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كراوە و ئەمڕۆیش وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و وەزارەتی نەوت رایان گەیاندووە، بڕی نەوتی هەناردەكراو 250 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا، واتە 50 هەزار بەرمیل زیاترە لەو خەمڵاندنەی رێكخراوەكە كردوویەتی، بەمەیش داهاتەكە لە ملیارێك دۆلار نزیك دەبێتەوە.

رێكخراوەكە باسی لەوە كردووە ئەو داهاتە دوای داشكاندنی كرێی گواستنەوە و كرێی بۆڕییەكانە، كە دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بۆ كرێی بۆڕییەكانی هەرێم و دۆلارێك و 15 سەنتیش بۆ توركیا.

 رێكخراوی ئیكۆی عێراق دووپاتی دەكاتەوە، ئەو نەوتەی بە رێككەوتنی هەرێم و عێراق رەوانە دەكرێت، تەنیا 6%ی هەناردەی نەوتی عێراق پێكدەهێنێت.
 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل