وەك نەریتێك لە هەرێمی كوردستان، ساڵانە لە رۆژانی جەژندا خەڵك چەرەس و چوكلێت دەكڕن، بەگوتەی بەرپرسێكی هاوردەكاران ساڵانە هاووڵاتییان بە بەهای 24 ملیار دینار چەرەس دەكڕن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی ئادار، عەتا شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان ڕای گەیاند، ساڵانە لە نێوان 3,000 بۆ 4,000 تۆن چەرەس و 200 بۆ 300 تۆن نوقڵ و چوكلێت لەلایەن بازرگانانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
زیاتر گوتی، زۆرترین بڕی ئەم كاڵایانە لە وەرزی جەژنەكاندا ساغ دەكرێنەوە و دەفرۆشرێن و كڕیاران دەیكڕن.
ساڵی رابردوو بە بەهای 22 ملیار دینار چەرەس و 16 ملیار دینار نوقل و چوكێلت هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەوانە زیادی كردووە و بە هەردووكی بە بەهای 66 ملیار دینار هاوردە كراون.
ئەوە لە كاتێكدایە لەناو خەڵكی هەرێمی كوردستان دانانی چەرەس و پێدانی نوقڵ وەك نەریتێكی جەژنی لێ هاتووە، هەرچەندە بەشێكی زۆریش لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت كە رەنگە لە نیوەی زیاتری هاوردە بێت، بەڵام تا ئێستە هیچ داتایەك نییە بەرهەمی ناوخۆ چەندە.