كۆمپانیای ستاندارد ئاند پوورزی ئەمەریكی، هەڵسەنگاندن بۆ توانای ئابووری عێراق دەكات و دەڵێ، "لە ئاستی B- بی نێگەتیڤە" لە راپۆرتێكدا دووپاتیشی دەكاتەوە، ئەگەر دۆخی وزە لە دنیادا ئاسایی ببێتەوە، ئەوا عێراق چەند مانگێكی دەوێ تا بیرە نەوتە زەبەلاحەكانی بخاتە كار.
كۆمپانیای ستاندارد ئاند پوورز كە بە كورتكراوەی "S&P GLOBAL" دەناسرێت، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئابووری عێراق دەكات و پێی وایە لە ئاستی B- دایە كە بە ئاستی "چاودێری نەرێنی" دەناسرێت. پێوەری سەرەكیی ئەو كۆمپانیایە بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووری وڵات، ئەوەیە كە بە توانستی دانەوەی قەرز دەناسرێت " credit rating"بەگوێرەی داتاكانی كۆمپانیاكە ئاستی عێراق زۆر دابەزیوە، هۆكارەكەیش دابەزینی زۆری بەرهەمی نەوتی عێراقە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریكا دژ بە ئێران.
راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، پێشتر هەناردەی نەوتی عێراق لە رۆژێكدا چوار ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل بوو، كەچی لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمزەوە بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل دابەزیوە. عێراق كە پێنجەم وڵاتە لەڕووی یەدەگی نەوت و سێیەم گەورە هەناردەكاری نەوت لە رێكخراوی ئۆپێك، نەوت زیاتر لە 90%ی داهاتەكەی پێكدەهێنێت.
ستاندارد ئاند پوورز لە هەڵسەنگاندنەكەی لەبارەی ئابووری عێراقەوە دەڵێ، "بەردەوامبوونی وەستانی بەرهەمی نەوت عێراق بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەریی نەرێنی بۆ بارودۆخی ئابووری و دەرەكی عێراق دەبێت لە 2026 دا، هەرچەندە ئەو وڵاتە یەدەگێكی گەورەی لە دراوی بیانی هەیە". لە بەشێكی تری راپۆرتەكە دووپاتی دەكاتەوە، "دۆخی دارایی حكوومەتی عێراق بە توندی كاریگەر دەبێت بە نرخی نەوت و داهاتەكەی، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لەوانە ئەمە بەشێوەیەكی كاتی ببێتە هۆی كەمكردنەوەی داهاتی حكوومەت و كەمكردنەوەی خەرجییەكان بە ئاستێكی بەرز".
بۆیە كۆمپانیاكە پێشبینی دەكات عێراق پەنا بۆ یەدەگەكەی ببات بۆ پابەندبوون بەدانەوەی قەرزە دەرەكییەكانی. یەدەگی عێراق لە مانگی شوباتی رابردوو لە 97 ملیار دۆلار نزیك بووەوە، ئەمەیش بەشی 10 مانگ مامەڵەكردن دەكات و هەروەها عێراق سوودمەندە لەو یەدەگە زێڕەكەی. دووپاتیشی دەكاتەوە ئەو یەدەگە زۆرە پشتیوانییەكی باش دەبێت لە متمانەی دانەوەی قەرزی عێراق.
لە بەشێكی تری راپۆرتی كۆمپانیاكەدا ئەوە ئاشكرا كراوە، بە كۆگەكردنی نەوتی عێراق تا ئەوپەڕی بەرز بووەتەوە، بۆیە عێراق ناچار بووە یەكەكانی بەرهەمهێنان بوەستێنێ، بەتایبەتی لە كێڵگەی رمێلە لە باشووری عێراق كە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی ملیۆنێك و 400 بەرمیل نەوتە. تەنگژەكە تەنیا لە باشوور نییە، بەڵكو كێڵگەكانی كەركووكیش بە تێكڕایی 220 هەزار بەرمیل وەستاون.
لە
كۆتاییدا كۆمپانیای ستاندارد ئاند پوورز هۆشداریی دەكات لەوەی بەكارخستنەوەی ئەو كێڵگە زەبەلاحانەی نەوتی عێراق، پرۆسەیەكی سادە نییە، بەڵكو چەندان هەفتە تا چەندان مانگی دەوێ، ئەمەیش پێوەندیی بە ئاڵوزی ئەندازەیی پێوەست بە راگرتن و كردنەوەی دامەزراوە نەوتییەكان هەیە.