ئێران: دوای كۆتاهاتنی شەڕەكەش كرێی ترانزێت لە كەشتییەكانی ئەمەریكا وەردەگرین

:: PM:02:47:19/03/2026 ‌
ئێران دەیەوێ كرێی ترانزێت لەو كەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن وەربگرێت، ئەوەش لە هەوڵێكی ئەگەریدا بۆ قۆستنەوەی دۆخەكە و سوودوەرگرتن لێی.

محەمەد موخبەر ڕاوێژكاری ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای گەیاند، "سیستمێكی نوێ بۆ گەرووی هورمز" لە دوای ئەگەری كۆتاهاتنی شەڕەكە جێبەجێ دەكرێت، ڕێگە بە تاران دەدات سنوورداركردنی دەریایی بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت كە سزایان بەسەردا سەپاندووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، "بە كەڵكوەرگرتن لە شوێنی ستراتیجیكی گەرووی هورمز، دەتوانین گەمارۆ بەسەر ڕۆژئاوادا بسەپێنین و ڕێگریی لە تێپەڕبوونی كەشتییەكانی بكەین بەو ڕێڕەوی ئاوییە".

لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، تاران هاتوچۆی دەریایی لە ڕێگەی گەرووەكەوە پەكخستووە بۆ ئەو كەشتییانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن، پێوەستن بە نەیارەكانی و وڵاتانی هاوپەیمانەوە.

داخستنی گەرووی هورمز وایكردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە، یەك بەرمیل نەوتی خاو گەیشتووەتە 114 دۆلار، بەتایبەت كە دوێنێ شەڕەكە چووە قۆناغی نوێوە و دامەزراوەكانی وزە كرانە ئامانج.



وشە - سۆران عەزیز