ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئاداری 2026، مۆفەق محەمەد ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی ورددا، بە پشتبەستن بە ئامار و داتا فەرمییەکان، ئاشکرای کرد کە داهاتی ناوخۆیی عێراق لە هەردوو کەرتی نەوت و کارەبا ساڵانە دەگاتە 26 تریلیۆن دینار، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەتەوە، چارەنووسی ئەو بڕە پارە زەبەلاحە نادیارە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو بیانووەی حكوومەت کە گوایە بۆ دابینکردنی مووچە و بودجە بە ڕێژەی 92٪ پشتی بە فرۆشتنی نەوت بۆ دەرەوە بەستووە، بنەمای نییە. پێشتر ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشکرای کردبوو کە داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوخۆی عێراقدا ساڵانە 18 تریلیۆن دینارە (نزیکەی 14 ملیار دۆلار)، لەم ڕاپۆرتە نوێیەشدا بە داتا دەیسەلمێنێت کە داهاتی وەزارەتی کارەبا بە کەمترین خەمڵاندن دەگاتە هەشت تریلیۆن دینار، بەمەش کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆیی ئەو دوو کەرتە دەبێتە 26 تریلیۆن دینار.
سەبارەت بە وردەکاریی داهاتی کارەبا، ڕاپۆرتەکە پشتی بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2025 بەستووە، کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق 46.1 ملیۆن کەسە (23.16 ملیۆنیان نێر و 22.96 ملیۆنیان مێ). کۆی ژمارەی خێزانەکانیش 8.05 ملیۆن خێزانە. بەپێی شیکردنەوەکە، 80٪ی ماڵەکان کە دەکاتە 6.44 ملیۆن ماڵ، بەکارهێنانیان مامناوەندە (2500 کیلۆوات لە سەعاتێکدا) و مانگانە لانی کەم 12 هەزار دینار دەدەن. لە بەرانبەردا، 20٪ی ماڵەکان کە دەکاتە 1.61 ملیۆن ماڵ، بەکارهێنانیان بەرزە (6000 بۆ 10,000 کیلۆوات) و مانگانە 40 بۆ 50 هەزار دینار دەدەن. بەمەش تەنیا داهاتی کەرتی نیشتەجێبوون ساڵانە دەگاتە 1.8 تریلیۆن دینار.
لە بەشێکی تری بنکۆڵکارییەکەدا، داهاتی کەرتەکانی تریش بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو: کەرتی بازرگانی یەک ملیۆن هاوبەشی هەیە بە تێکڕای بەکارهێنانی 2000 کیلۆوات، کە پسوولەی مانگانەیان 140 هەزار دینارە و داهاتی ساڵانەی 1.68 تریلیۆن دینار پێک دەهێنێت. کەرتی پیشەسازی 200 هەزار هاوبەشی هەیە و داهاتەکەی 0.60 تریلیۆن دینارە. هەروەها کەرتی حكوومی 100 هەزار هاوبەشی هەیە و داهاتەکەی 0.18 تریلیۆن دینارە، و کەرتی کشتوکاڵیش 50 هەزار هاوبەشی هەیە بە داهاتی 0.29 تریلیۆن دیناری ساڵانە. کاتێک داهاتی تەواوی ئەم کەرتانە کۆ دەکرێتەوە، ئاستی داهاتی وەزارەتی کارەبا بۆ شەش بۆ هەشت تریلیۆن دیناری ساڵانە بەرز دەبێتەوە.
مۆفەق محەمەد ئاماژەی بەوەش داوە کە بەپێی ڕاپۆرتی کۆتاییی وەزارەتی کارەبا بۆ ساڵی 2024، ڕێژەی وزەی فرۆشراو گەیشتووەتە 67,468,788 مێگاوات لە سەعاتێکدا. بەڵام واقیعەکە بۆشاییەکی گەورە و ناڕوون لەو ڕاپۆرتانەدا دەردەخات کە وەزارەت بڵاوی دەکاتەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپاتی دەکاتەوە کە خراپ بەڕێوەبردن، نەبوونی چاودێریی ڕاستەقینە و ئەو گەندەڵییەی بە درێژایی ساڵان کەڵەکە بووە، وای کردووە ئەم داهاتە گەورانە لە ناو دامەزراوەکانی حكوومەتدا دیار نەمێنن و شەفافیەت و کارایی دارایی بوونی نەبێت. ئەم ڕاستییانەش ئەو پرسیارە جدییە لای هاووڵاتییان دروست دەکات: مادام ئەم هەموو داهاتە لە ناوخۆدا هەیە، بۆچی مووچە و شایستە داراییەکان و بودجە بەبێ جیاوازی بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین ناکرێت؟