ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆنترۆڵی دۆخی ئەو كێڵگە نەوتییانەی كۆمپانیا بیانییەكان كاریان تێدا دەكەن لەدەست دەرچووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هەنگاوەی عێراق لە دەرئەنجامی ئەو دۆخەیە كە دوای دەست پێ كردنی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دووچاری هاتووە.
هاوكات دوای هەنگاوەكەی عێراق، نرخی نەوت بە ڕێژەی 4% لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبووەوە.
هەروەها حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت، سەردانی كۆمپانیای نەوتی باشووری كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی پلانی بەرهەمهێنانی نەوت لە كۆمپانیاكە لەبەر ڕۆشنایی دۆخی ناوچەكە كرا.
وەزیری نەوت ڕای گەیاند، لە دوای وەستانی هەناردەی نەوت لە بەندەرەكانی باشوور، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی نەوتی باشوور لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل نەوت كەم كراوەتەوە.
ڕوونیشی كردووەتەوە، بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت بۆ كارپێكردنی پاڵاوگەكان بەكاردەهێنرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە نووسراوێكدا كە رۆژی 17ی ئادار دەریكردووە و ئاژانسی رۆیتەرز وێنەیەكی دەستكەوتووە دەڵێت، زۆربەی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بەو گەرووى هورمزدا تێدەپەڕێت و تێكچوونی رەوشەكە بووەتە هۆی ئەوەی كۆگاكانی پڕ ببن.
وەزارەتەكە رای گەیاندووە، "لەسەر بنەمای ئەم دۆخە، وەزارەت فەرمانی كردووە بە راگرتنی تەواوەتیی بەرهەمهێنان لە ناوچە كاریگەرەكاندا و بەپێی گرێبەستەكانیش هیچ قەرەبوویەك لە بەرانبەر ئەم رێكارەدا نادرێ".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە كۆمپانیای نەوتی بەسرە لە 3.3 ملیۆن بەرمیل رۆژانەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل كەمكراوەتەوە.