وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكرای كرد، رێگە دەدەن بۆ ماوەی تەنیا یەك مانگ تەماتە لە دەرەوە هاوردە بكرێت.
بریكاری وەزارەتەكە مەهدی سەهر جبووری ئەمڕۆ سێشەم 24ی ئادار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەرهەمی كشتوكاڵی جێگیرە و رێگەش دەدەن بۆ ماوەی مانگێك تەماتە لە دەرەوە هاوردە بكرێت.
گوتیشی، كەرتی كشتوكاڵی عێراق لە نرخ و بەرهەمەوە جێگیرە و هەموو شتێك بەردەستە، تەنیا بەرهەمی تەماتە نەبێت كە لە كۆتایی بەرهەمی پایزدایە، لە ماوەی داهاتووشدا بەرهەمی نوێ پێ ڕادەگات.
باسی لەوەش كرد، وەزارەت رێگە دەدات بۆ ماوەی مانگێك تەماتە هاوردە بكرێ بۆ ئەوەی پێداویستی بازاڕ پڕ بكرێتەوە، هەر كاتێك بەرهەمی ناوخۆش پێگەیشت، هاوردەكە رادەگیرێت.
بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت، رووداوەكانی ناوچەكە و شەڕ كاریگەریی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمهێنان نەبووە لە ناوخۆی عێراقدا.