لیستی مووچەی مانگی سێ ڕەوانەی بەغدا دەكرێت

:: AM:11:04:25/03/2026 ‌
لیستی مووچەی مانگی سێ و تەرازووی پێداچوونەوە "داهات و خەرجی" ئامادە كراوە و بڕیارە ڕۆژی یەكشەم هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام ڕادەستی بەغدا بكرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، دوای ئەنجامدانی وردبینیی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت بەزووترین كات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت و دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

بڕیار بوو ئەم مانگە زووتر ئامادەكاری مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لە وەزارەتی دارایی تەواو بكرێت، بەڵام بەهۆی پشووەكانەوە ئەم مانگەش وەك مانگەكانی تر لە سەرەتای مانگی چوار مووچەی مانگی سێ دابەش دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كۆكردنەوەی 120 ملیار دینار داهاتی ناونەوتییە و لەگەڵ ئامادەكردنی، ڕاستەوخۆ ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت.

"وشە" زانیویەتی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچە و دواتریش 120 ملیارەكە بۆ بەغدا رەوانە دەكرێت، ئەگەرچی هەرێم بەبەغدای گوتووە توانای ئەو بڕە پارەیەی نەماوە و داهاتی بەتەواوی كەمی كردووە.



وشە - سۆران عەزیز