بەپێی زانیارییەكان، لیستی مووچەی مانگی ئادار لەم هەفتەیەدا و پێش سەری مانگ ڕەوانەی بەغدا دەكرێت، بەهۆی پشووەكانەوە درەنگ كەوتووە.
بەپێی بەداداچوونی "وشە" لیستی مووچە لە 18ـی ئادار بە سیستمی پەیرۆڵ تەواو كرا و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە، بەڵام بەهۆی پشووەوە وەزارەت وردبینیی بۆ نەكردبوو، سبەی لە یەكەم رۆژی دەوامی فەرمی وردبینی دەكات.
چاودێرانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی لە بابەتە داراییەكان پێیان وایە، بەشێك لە گرفتەكان پێوەندیی بە وەزارەتی دارایی هەرێمەوەیە، كارە رۆتینەكانی مووچە زوو تەواو ناكەن، لە كاتێكدا مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران پێشتر چەندان جار داوای لە وەزارەتی دارایی كردووە، ئەوەی لەسەر وەزارەتی داراییە بەزووترین كات جێبەجێ بكرێت.
بڕیارە سبەی یەكشەم 29ـی ئادار، وەزارەتی دارایی وردبینی بۆ لیستی مووچە بكات و دوای ئەوەش راستەوخۆ بۆ بەغدای دەنێرێت و شاندێكی تەكنیكیش دەچێتە بەغدا.
بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانە، بەغدا داوای لیستی مووچە بە سیستمی پەیرۆڵ و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوو دەكات، لەگەڵ ڕەوانەكردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و ڕاپۆرتی هەناردەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
بەڵام ئەم مانگە بەهۆی نەمانی داهاتەوە، ئامادەكردنی 120 ملیارەكە ئەستەم بووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێوەندیدایە كە بەغدا رەچاوی دۆخەكە بكات و چیتر 120 ملیارەكە نەكاتە مەرجی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان.
بەرپرسانی دارایی ئەوەیان دووپات كردەوە، لەبارەی داهاتی نانەوتی و هەناردەی نەوت لە مانگی ئادار، لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمدا بێت جێبەجێی دەكات، تا گرفت بۆ تەمویلكردنی مووچە دروست نەبێت.