تەماتە لە لێواری گرانبوونێكی مێژووییە

:: AM:11:57:28/03/2026 ‌
بڕیارێكی ئێران لە ئێستەدا دۆخی بازاڕی شێواندووە، پێشبینی دەكرێت كیلۆیەك تەماتە نرخەكەی بگاتە دوو هەزار و 500 دینار، ئەندامێكی ئەنجوومەنی عەلوەش وردەكاری ئاشكرای دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی ئادار، دانا عەزیز ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، تەماتە لە عێراق كەمبووەتەوە و بەرهەمی ناوخۆش لە ئێستەدا زۆر كەمە.

زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێت، لە سبەی كیلۆیەك تەماتە بە دوو هەزار و 500 دینار بگاتە دەستی هاووڵاتی، ئەوەیش بەهۆی بڕیاری ئێران كە هەناردەی تەماتە ڕا دەگرێت، لە هەمان كاتدا تەماتەی عێراقیش پێنەگەیشتووە.

باسی لەوەش كرد، تا سبەی چاوەڕوانی بڕیار وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان دەكەن چی بكرێت، بە پێچەوانەوە تەماتە لە بازاڕ نەمێنێت كە بەرهەمێكی سەرەكی عەلوەیە نرخەكەی بە تەواوەتی گران دەبێت.

ئەگەر كیلۆیەك تەماتە بگاتە دوو هەزار و 500 دینار، هەر كیلۆیەك تەماتە 10 دانەی 100 گرامی بكێشێت، ئەگەر بەراورد بكرێت بە تەبەقەیەك هێلكە كە 30 دانەیە، ئەوا تەبەقەیەك هێلكە بە پێنج هەزار دینارە و تەبەقەیەك تەماتە دەبێتە حەوت هەزار و 500 دینار.



وشە - رامیار جەواد