سعودییە كارتی گەروی هورمزی لەدەستی ئێراندا سوتاند

:: AM:08:42:29/03/2026 ‌
ئاژانسی بلوومبێرگ ئاشكرای دەكات كە سعوودیە كۆتایی بە رێرەوی گەروی هورمز هێنا و  پشتی بە هێڵی بۆڕی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا بەستووە لەو رێگەوە نەوتەكەی دەگەیەنێتە بازاڕەكانی دنیا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی بلوومبێرگ، سعوودیە لەبری گەرووی هورمز كە ئێستە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندایە، توانیویەتی بڕی حەوت ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە كێڵگەكانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ بەندەری "یەنبوع" لەسەر دەریای سوور بگوازێتەوە؛ لەو بڕە پێنج ملیۆن بەرمیلی بۆ هەناردەكردن و دوو ملیۆن بەرمیلەكەی تر بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان تەرخان كراوە.

هێڵی بۆڕی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا، لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیەوە لەسەر كەنداوی عەرەبی تاوەكو ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لەسەر دەریای سوور درێژ دەبێتەوە. ئەم هێڵە درێژییەكەی زیاتر لە 1,000 كیلۆمەترە و كاراكردنی ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە ڕێگریكردن لە بەرزبوونەوەی بێسنووری نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا.


هەرچەندە ئەم ڕێگەیە تەنیا بەشێك لەو 15 ملیۆن بەرمیلە قەرەبوو دەكاتەوە كە پێشتر ڕۆژانە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام لە ئێستەدا وەك شادەمارێكی گرنگ بۆ پاراستنی ئابووریی جیهان لە قەڵەم دەدرێت. سعوودیە بەم هەنگاوە دەیەوێت كاریگەرییەكانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر بازاڕی وزە كەم بكاتەوە.

بەڵام ئەم رێگەیەش رەنگە بەهۆی حووسییەكانەوە تووشی كێشە بێتەوە، چونكە بەپێی راگەیەنراوی حوسییەكان ئەوانیش بووەنەتە بەشێك شەڕەكە و ئەو رێرەوەش نزیكە لەوانەوە، بەڵام سعودیییە سورە لەسەر پاراستی ئەو ریچگەیە بەهەر نرخێك بێت.

ماڵپەری (بلومبێرگ)ـی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، هێڵی ستراتیژیی نەوتی سعودیە كە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەكە پێكەوە دەبەستێ لە بەندەری بەقیقی سەر كەنداوی فارسی تا بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور لەئێستەدا بە سەركەوتووی كەوتووەتە كار.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، چیتر سعودیە پێویستی بە گەروی هورمز نییە تا نەوتەكەی بگوازێتەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.


كەواتە گەروی هورمز كە ئێران وەك كارتێكی بەهێز دژی وڵاتانی كەنداو بەكاریدەهێنێ لەم جەنگەدا وردە وردە بەرەو سوتان دەڕوات و سعودیەش وەك یەكەم وڵات كارتەكەی لە دەستی ئێرانییەكان سوتاند.

 ڕەنگە بێمنەت بوونی سعودیە لە هورمز وایكردبێت، كە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت: محەمەد بن سەلمان بەردەوام داوا لە ترەمپ دەكات درێژە بە شەڕەكە بدات و تا ڕووخانی ئێران نەوەستن كە بە "پانكردنەوەی سەری مارەكە" ناویبردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست








وشە - سۆران عەزیز