هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق ئاشكرا كرا

:: AM:11:46:29/03/2026 ‌
سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم ڕای گەیاند، دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەم مانگەدا تەنیا هۆكاری كارگێڕی بووە، هیچ پێوەندییەكی بە نەبوونی سیولەی دارایی (پارەی كاش)ـەوە نییە.

سەرچاوەكە بە ئاژانسی بەغداد ئەلیەومی ڕاگەیاندووە: دواكەوتنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ هاوكاتبوونی پشووە درێژەكانی جەژنی ڕەمەزان و دواتریش پشووی فەرمی بەهۆی شەپۆلی بارانبارین لە وڵاتدا.

ئەوەشی گوتووە: ڕێكارە كارگێڕی و تەكنیكییەكانی پێوەست بە خشتەی مووچە بەهۆی ڕاوەستانی دەوامی چەند ڕۆژەی یەك لەدوای یەكەوە كاریگەر بوون، ئەمەش بووەتە هۆی دواكەوتنێكی كاتی لە پرۆسەی خەرجكردنی مووچەدا.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بودجەی پێویست تەرخان كراوە و حكوومەت تووشی هیچ كورتهێنانێك نەبووە لە دابینكردنی پارەی پێویست.

وەك سەرچاوەكە ئاماژەی پێ كردووە، وەزارەتی دارایی و لایەنە پێوەندیدارەكان دەستیان كردووە بە تەواوكردنی ڕێكارەكان، لە چەند سەعاتی داهاتوودا مووچەی زۆربەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز